گشتیگوتار

په‌يکه‌ره‌که‌ى زيره‌ک ميره‌ و جاشنامه‌که‌ى حه‌سه‌نى قزلجى

نزار پیرۆ

 

په‌يکه‌ره‌که‌ى زيره‌ک ميره،‌ که‌ ماوه‌يێکه‌ بوته‌ جێگاى راو بوچوونى جياواز له‌ ناو ميديياکان و له‌ نێوه‌نده‌ جياجياکانى کۆمه‌ڵگاى کورديدا و سه‌رنجى چينه‌ جياوازه‌کانى راکێشاوه‌ و راى جياواز ى لێکه‌وتوته‌وه‌.
ئه‌و باسه‌ گه‌رمه‌ له‌کاتێکدابو که‌ هه‌رێمى کوردستان روبه‌روى ره‌وشێکى نا ئارام و له‌ گرژييه‌کدابوو، له‌ نيوان هه‌رێم و به‌غدا و ئه‌و گرژييه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه.
هه‌روه‌ها روداوه‌ دلته‌زێنه‌که‌ى قايماقامى سلێمانى به‌دواوه‌هات و ئه‌م باسه‌ گه‌رمه‌ى ساردکرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ پاش ماوه‌يێکى کورت و له‌ روداوێکى ده‌ستدرێژى بو سه‌ر په‌يکه‌ره‌که‌ى زيره‌ک ميره‌ بۆ تێکدان و تێکشکاندنى ئه‌م په‌يکه‌ره‌، بو جارێکى تر ئه‌م باسه‌ى گه‌رمکرد.
دروست کردنى ئه‌م په‌يکه‌ره‌ که‌ بريتييه‌ له‌ گوێ درێژێک به‌ قات و ريبات و بوينباغ و خاوه‌نى سێ قه‌له‌م له‌گيرفانيدا، ده‌ربرينى‌ ئه‌و هزر و بيره‌ جياوازه‌يه‌ که‌ له‌ کۆمه‌لگايێک ئه‌بينرێت که‌ له‌ قۆناغى خۆ رێکخستندابێت و له‌ قۆناغێکى ده‌ربازبوندابێت.
به‌ديکردنى داهێنان له‌ هه‌ر کارێکى هونه‌ريدا له‌و رايه‌ ‌جياوازا‌نه ئه‌بێت‌ که‌ به‌دواى خويدا ئه‌هێنێت.
گوێدرێژ له‌ کۆمه‌ڵگاى کورده‌واريدا هه‌رده‌م بونى هه‌بووه‌ و هه‌ستى پێکراوه‌ و ته‌نانه‌ت مرۆڤى کورد له‌ زوور بواردا نازناوى ئه‌م گيانه‌وه‌ره‌ى پێ خۆشبوبێ يان ناخۆش ، له‌ژێر ئه‌م ناوه‌ کارى ئه‌نجامداوه.
په‌يکه‌ره‌که‌ى پارکى ناڵى گه‌ر لێکدانه‌وه‌يه‌کى بو بکه‌ين و ئه‌م په‌يکه‌ره‌ بخوێنينه‌وه‌، هه‌موو ئه‌م جوره‌ فۆرمانه‌مان به‌بيردێته‌وه‌ که ماموستا‌ حه‌سه‌نى قزلچى له‌ جاشنامه‌که‌يدا باسى کردووه‌. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى باسى جاشنامه‌ بکه‌ين، وه‌کو ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى کورته‌يه‌ک له‌سه‌ر که‌سايه‌تى و ناسنامه‌ى ماموستا حه‌سه‌نى قزلچى ئه‌که‌ين.
حه‌سه‌نى قزلجى ( حه‌سه‌نى ماوه‌رانى ) له‌ رێکه‌وتى15/9/1914 له‌ بنه‌ماڵه‌ى کورد په‌روه‌ر و زانا، په‌روه‌ى قزلچى ( تورجانيزاده‌) له‌ کوردستانى ڕۆژهه‌ڵات له‌ دايک بووه و ساڵى 1983 له‌ زيندانێکى شارى تاران له‌ ئه‌نجامى ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازارى جه‌لاده‌کانى کومارى ئيسلامى ئيران، شه‌هيدکرا.
قزلجى نووسه‌ر و ئه‌ديب و ڕۆژنامه‌وانێکى لێهاتوى سه‌ده‌ى بيسته‌مى کورده‌‌ و به‌ ده‌يان نووسه‌رو شاعير و ئه‌ديبى کوردى ئه‌و کاتى هاورێيان کردووه‌ و له‌ تيشکى زانستى وى به‌هره‌يان وه‌رگرتووه‌.
له‌سه‌رده‌مى کۆمارى کوردستان گۆڤارى هه‌ڵاڵه‌ى له‌ بوکان بڵاکردوه‌ و بو رۆژنامه‌ى کوردستانى ئه‌نوسى. له‌ پاش رووخانى کۆمارى کوردستان، رو له‌ باشور‌ ده‌کات و ڕۆژنامه‌ى رێگا ده‌رده‌کات و هه‌روه‌ها يارمه‌تى ده‌رکردنى خه‌بات و رێگاى رزگارى و ده‌يان بڵاوکراوه‌ى ترى خه‌باتکاره‌ کورده‌کانى باشور ده‌دا. سێ ساڵ ئه‌که‌وێته‌ به‌نديخانه‌ و له‌زيندانى به‌غدادا له‌گه‌ڵ مامۆستا گۆران شاعيرى مه‌زنى کورد و عه‌زيز مه‌حه‌مه‌د که‌ پاشان بوو به‌ سکرتێرى حيزبى شيوعى عيراق هاوبه‌ند و هاوده‌م ده‌بێت. دواى ئازادبوونى، چه‌ندين سال له‌ ئه‌ورۆپاى ڕۆژهه‌ڵات ئه‌بێت و پاش به‌سه‌رکه‌وتنى شوره‌شى 1978 ئێران، پاش 35 ساڵ دابران ئه‌گرێته‌وه‌ بو نيشتيمانه‌که‌ى و سه‌رقالى کارى رۆژنامه‌وانى و نووسين ئه‌بێت، دواتر و باش هێرشى رژێم بو سه‌ر حزبى توده‌، زيندانى ده‌کرێت و له‌ ژێر ئه‌شکنجه‌ ژيانى له‌ ده‌ست ئه‌دات.
له‌ نوسينه‌کانى ،پێکه‌نينى گه‌دا، که‌ کۆمه‌ڵێک چيروکى کوردييه‌ ،‌ ئاوێنه‌ى کۆمه‌ڵگاى کورده‌وارى ئه‌و سه‌رده‌مه‌يه و ره‌نگده‌ره‌وه‌ى ژيانى خۆيه‌تى له‌ ئاواره‌ييدا.
دياره‌ هه‌ر بوارێکى ژيان ئه‌ده‌بى تايبه‌تى خۆى هه‌يه‌. جوامێرى و ئازادى و راپه‌رين و شۆڕه‌ش و پێشمه‌رگايه‌تى و خۆشه‌ويستى و جوانى دروستکه‌رى ده‌يان و سه‌دان و هه‌زاران پارچه‌ى ئه‌ده‌بى جۆراو جوۆرن… به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وانيش نامه‌ردى و ترسنۆکى و مل که‌چ کردن و ناپاکيش خانه‌ى تايبه‌تى خۆيان هه‌بووه‌. که‌ ديارده‌يه‌کى نوێ سه‌رهه‌ڵده‌دا ئه‌ده‌بێکى نوێ يش‌ چاوهه‌ڵدێنێ.
ديارده‌ى جاش و جاشاتى و خۆفروشتن و ناپاکى کردن به‌رامبه‌ر گه‌ل و نيشتمان، ئه‌م پارچه‌ ئه‌ده‌بييه‌ى هێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م به‌ پێنووسى ئه‌ديبێکى کوردى وه‌کو حه‌سه‌نى قزلجى که‌ نه‌يتوانيوه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و ديارده‌ ناشرين و ناقۆڵايه‌دا بێ ده‌نگ بێ. چاشنامه‌که‌ى حه‌سه‌نى قزلچى به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات‌
پێشه‌کى: الجاش فى اللغة – جاش له‌ ( لوغه‌تا) – به‌ به‌چکه‌ى گۆێ درێژ ده‌گوترێ، گوێ درێژ که‌ دێز بێ يا بۆز، ره‌ش بێ يا سپى، فه‌رق ناکا، به‌ به‌چکه‌که‌ى هه‌ر ئه‌ڵێن جاش. ئه‌مه‌ جاشى موتڵه‌ق، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دايکى جاشه‌که‌ ماين بێ، ووشه‌ى ” هێستر” ى به‌دواوه‌ دێ و پێ ى ده‌ڵێن ” جاش هێستر “. به‌ جاشى يه‌ک ساڵه‌ ئه‌ڵێن يه‌کبڕ، هى دوو ساڵه‌ دووبڕ، هى سێ ساڵه‌ سێ بڕ يا به‌ربار. له‌ پاشان ده‌بێته که‌رى ته‌واوو ” له‌قه‌بى حيمار ” وه‌رده‌گرێ. به‌لام جاشى غه‌يره‌ ته‌بيعى که‌ له‌مه‌و دوا باسيان ده‌که‌ين له‌م ” له‌قه‌به “‌ بێ‌ به‌شه‌ و هه‌ر به‌ جاشاتى ده‌مێنێته‌وه‌.
جاش له‌ بارى ته‌مه‌نه‌وه‌ فه‌رقيان هه‌يه‌. هى بچووک پێ ى ئه‌ڵێن جاشک يان جاشوله‌، به‌هى گه‌وره‌تر ده‌گوترێ جاش. پێويسته‌ ئه‌م فه‌رقه‌ له‌ بير نه‌چێ، تا هه‌موويان به‌نه‌قيزه‌يه‌ک لێ نه‌خوڕدرێن.
بيره‌وه‌رى:
گوێ درێژ و جاشى( ته‌بيعى) له‌ ئه‌ده‌بى کوردى دا به‌ خه‌راپه‌ باسيان نه‌کراوه‌
” چوار که‌رم هه‌بوو ، به‌ڕۆژ به‌رد و لم و چه‌ويان ئه‌برد
به‌ينى به‌ين الله منيش مه‌منونى ئه‌م چوار باره‌
خۆزه‌ڕى هه‌ر چواريان يه‌کيان ئه‌گرت که‌يفم ده‌هات
وه‌ک عه‌تابه‌م بۆ بڵێن ، مه‌شغوڵى ئه‌م نقاره‌ بووم ”
( سه‌لام )

” که‌رێکم بوو چ که‌ر؟ وه‌ک باو باران
که‌رێکم بوو چ که‌ر ؟ بارکێشێ ده‌وران ”
” که‌رێکم بوو چ که‌ر؟ چه‌شنى سه‌ياره‌
که‌رێکم بوو چ که‌ر ؟ وه‌ک شێرى مه‌يدان”
( قانع )
جاش له‌( ئيستلاح) دا:
ماناى جاش له‌ ئيستلاح دا، به‌ پێ ى ئه‌هلى ئيستلاحه‌که‌ ئه‌گۆڕێ ، بۆ نموونه‌ له‌( شه‌رع ) دا به‌وکه‌سه‌ ئه‌ڵێن که ژنێکى ته‌ڵاق که‌وتووى به‌ سێ ته‌ڵاقه‌ لێ ماره‌ئه‌که‌ن، تا بتوانن پاشان له‌ مێرده‌که‌ى ماره‌ بکه‌نه‌وه‌.
ئه‌م جاشه‌ له‌ شه‌رع دا رێزى لێ ئه‌گرن و پێى ئه‌ڵێن، ( محلل ) ، به‌ حکايه‌ت ئه‌گێڕنه‌وه‌، کابرايه‌ک ته‌ڵاقى خواردبوو ، پرسى به‌ مه‌لايه‌ک کرد. ئه‌و مه‌لايه‌ش چه‌شنى ته‌لاق خواردنى کابراى بۆ مه‌لايه‌کى گه‌وره‌تر نووسى و داواى فتواى لێ کرد. مه‌لاى دوهه‌م له‌وه‌ڵامى مه‌لاى هه‌وڵدا نووسى: ” عيلاجى نايه‌ مه‌گه‌ر به‌ ته‌حليل ، جاشێکى ده‌وێ مل قه‌وى وه‌ک فيل” .
جاش له‌ ئيستلاحى عه‌سکه‌ريدا: به‌و هێزه‌غه‌يره‌ عه‌سکه‌رييانه‌ ئه‌گوترێ که‌ له‌ ئه‌فرادى گه‌لى ژێرده‌ست و ئيستعمار کراو بۆ ماوه‌يه‌ک به‌ جل و به‌رگى خۆيان به‌ پاره‌ به‌کرێ گيراون، چه‌کيان دراوه‌تێ و له‌ دژى نه‌ته‌وه‌که‌ى خۆيان شه‌ڕيان پێ کراوه‌. وه‌کو هيندى له‌ له‌شکرى ئينگليز له‌ هيندوستان و له‌ موسته‌عمه‌ره‌کانى ديکه‌.‌‌ يا وه‌کو ئه‌و زۆڵه‌ کوردانه‌ له‌ژێر سه‌رکردايه‌تى ئه‌فسه‌رى ئينگليزى ( لونگ رێک) دژى شێخ مه‌حمود شه‌ڕيان ئه‌کرد. ئه‌مانه‌ ماوه‌يه‌ک پێييان ئه‌گوترا جاش پۆليس ، پاشان بوون به‌ جاشى روت.
جاش له‌ئيستلاحى سياسيدا: له‌گه‌ڵ په‌ره‌گرتنى خه‌باتى ڕزگاريخوازى گه‌له‌کانى موسته‌عمه‌ره‌ و به‌شخوراو وغه‌درلێکراو ئيستعمارکه‌ره‌کان و حکومه‌ته زاڵمه‌کان بۆ خه‌ڵه‌تاندنى ئه‌و ميلله‌تانه‌ ، ده‌ستيان کرد به‌گرتنى کرێ گرته‌ى جۆر به‌جۆر وه‌ک، نوێنه‌رى مه‌جليس ، ڕۆژنامه‌نووس و ته‌نانه‌ت سازکردنى حيزب و کۆمه‌ڵى به‌کرێگيراويش . به‌م جۆره‌ ماناى جاشيش فراوانتربوو . جاش له‌ماناى سياسي دا بريتى يه‌ له‌، هيندێ ئه‌فرادى زۆڵ له‌گه‌ل و ميلله‌تێک که‌ بۆ قازانجى خۆيان دژى گه‌ل و ميلله‌ته‌که‌يان ئه‌که‌ونه‌ کار و ده‌بنه‌ باره‌ به‌رى دوژمن.
بيره‌وه‌رى:
ئه‌وه‌ى لێره‌دا باسى ده‌کرێ ته‌نيا نموونه‌يه‌. قاپى چاشنامه‌که‌ دانه‌خراوه‌، هه‌ر که‌سێ گازى لێ گيراوه‌، يا لوشکى لێدراوه‌ و جاش زياتر ده‌ناسێ ئه‌توانێ لێ ى زياد بکا.
تاقمه‌کانى جاش:
جاشه‌کان ده‌سته‌ و تاقمييان زۆرن. لێره‌دا ته‌نيا باسى ئه‌م چه‌ند ده‌سته‌يه‌ ده‌که‌ين..
جاشى ساده‌‌: ئه‌مانه‌ هه‌ندێ که‌سى ساويلکه‌ن ئاگايان له‌ هيچ نييه‌ و له‌به‌ر ده‌ستى ده‌ره‌به‌گه‌کان دان و ناچارن به‌قسه‌يان بکه‌ن ” ئه‌مانه‌ هێندێ ساده‌ى گێژ و وێژن ، موتيعى جاشى گه‌وره‌ى هه‌رزه‌ بێژن”
جاشه‌گه‌وره‌کان فيکه‌يان بۆده‌که‌ن، ته‌ماعيان وه‌به‌رده‌نێن و پێيان
ئه‌ڵێن:
” ڕۆڵه‌ وه‌ره‌ ببه‌ به‌ جاش… جاشێکى شه‌ش دانگ هه‌راش… بچۆره‌ ناو ره‌وه‌ى عه‌ماش… ئيتر ناڵ و کورتان به‌لاش… به‌رتۆم هه‌زاران عه‌لبه‌ جو .
هه‌زاران بێ ئاقل و که‌مال… بۆخۆى گه‌يى به‌ماڵ و حال… وه‌ک قايمه‌قام له‌ چه‌مچه‌ماڵ… مه‌ئيوس مه‌به‌ جاشى مناڵ… به‌رتۆم هه‌زاران عه‌لبه‌جۆ”
” سه‌لام ”
ئه‌وانيش هه‌ڵ ئه‌خه‌ڵه‌تێن، به‌ربارده‌بن، پشتيان بۆ کورتان ڕائه‌گرن ، به‌ڵام گه‌لێکييان چاويان ئه‌کرێته‌وه‌، تێ ده‌گه‌ن، کورتان فڕێ ئه‌ده‌ن و ده‌بنه‌وه‌ ئينسان.
جاشى ده‌ره‌به‌گ:
ئه‌مانه‌ کێن؟.. قانيع له‌ زمانى ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌ڵێ ” دڵم زۆر لێ ئه‌دا ئيمرۆ… بڕۆم گاجووتێ برفێنم… که‌سێ بکوژم…که‌رێ بدزم… که‌وابوو من له‌ ئاغاکانم”
ئه‌وانه ئه‌م ده‌ره‌به‌گانه‌ن، هه‌رکه‌سێ پاره‌يان بداتێ ڕاوى بۆ ئه‌که‌ن و هه‌رکه‌س کاو جويان بداتێ، باريان بۆ ده‌کێشن.
جاشى شێخ، يا شێخى جاش:
ئه‌وانه‌ى که‌ به‌زه‌کات و خێرو سه‌رقه‌ڵه‌مانه‌ى‌ خه‌ڵک و چاوبه‌ستنى مسوڵمانه‌ ساويلکه‌کان ده‌وله‌مه‌ند ئه‌بن، له‌ پاشان ئه‌چنه‌ رێزى ده‌ره‌به‌گه‌کان و ورده‌ ورده‌ له‌ حکومه‌تيش نزيک ئه‌بنه‌وه‌.
هێندێکييان خۆيان به‌سه‌رى پيرى يا کوڕو کاڵيان به‌ شلکى ده‌بنه‌ جاش. ئه‌مانه‌ تا ده‌بنه‌ جاش به‌ مه‌رحه‌له‌ى ده‌ره‌به‌گى دا تێده‌په‌رن. مومکنه‌ ئيعتزاز بگيرێ که‌ ئه‌مانه‌ له‌ عاله‌مى جاشاتيدا ره‌وه‌يه‌کى جياوازنين و هاوکورتان و هه‌وسارى جاشى ده‌ره‌به‌گن، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌ڵێين راسته‌.
له‌ناو ئه‌و دوو ڕه‌وه‌يه‌دا، له‌ دوو لاوه‌ جهتى موشته‌ره‌ک هه‌يه‌، يه‌کيان ئه‌مه‌يه‌ که‌ هه‌ردوولايان خاوه‌ن مڵک بوون، يا ئێستاش بالفعل خاوه‌ن مڵکن. ئه‌وهى ديکه‌ش ئه‌مه‌يه‌ که‌ ئێستا هاو ته‌ويله‌ و هاو هه‌وسارن.
جاشى حيزبى:
به‌ ئه‌وانه‌ ده‌ڵێن که‌ له‌پێشدا له‌ حزبێکدابوون و پاشان به‌ فه‌ردى يان به‌ کۆمه‌ڵ له‌و حيزبه‌ ده‌رکه‌وتوون و له‌ دژى حيزبه‌که‌ بۆ قازانجى حکوومه‌ت که‌وتونه‌ته‌ کار و ناوى حيزبه‌که‌يان داگير کردووه‌ و به‌و ناوه‌ وه‌گێره‌ شوێنى ده‌که‌ن.
فه‌رقى ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ جاشه‌کانى تر ئه‌وه‌يه‌، که‌ ئه‌مان زۆريان ڕوناکبيرن و ته‌نزيمێکيشيان هه‌يه‌. به‌ناوبانگترين ئه‌م جۆره‌ جاشانه‌ له‌ نووسينى ڕه‌سمى دا به‌ ( مرتزه‌قه‌ى تازه‌ ) يا به‌ ( اخواننا الاکراد) ناو ده‌برێن. ئه‌مانه‌ زۆر سوڕانه‌وه‌ نه‌يانتوانى ببن به‌ هيچ ، ئه‌مجار گوتيان له‌ فۆڵکلۆردا هاتووه‌ ( که‌ر‌ بچێته‌ به‌غا ده‌بێته‌ هێستر ) له‌ به‌غا نه‌يانتوانى ببنه‌ هێستر به‌ڵام بوون به‌ جاش. له‌ ته‌ويله‌ى ميرى دا حه‌وانه‌وه‌ ، ده‌ستيان کرد به‌ زه‌ڕين و جووته‌ هاوێشتن، جهتى موشته‌ره‌کى ئه‌مان له‌گه‌ڵ جاشى ده‌ره‌به‌گ ئه‌وه‌يه‌ که‌ تفه‌نگچييان هه‌يه‌ و به‌ پاره‌ کورد ده‌کوژن.
مومکينه‌ که‌سێک بپرسێ ڕووناکبير چون ده‌بنه‌ جاش؟
له‌وه‌ڵام دا ئه‌ڵێين ،” مثلهم کمثل الحمار يحمل اسفارا”.
له‌ به‌شى قسه‌ى نه‌سته‌ق و به‌ندى پێشييان له‌ جاشنامه‌که‌ هاتووه‌
” له‌ جاشێکيان پرسى، ئه‌گه‌ر جاشه‌وان فه‌وتا چ ده‌که‌ى؟ زه‌ڕاندى و گوتى… تا خوا پشتێ بدا کورتانيش ئه‌دا ”

نزار پيرۆ
warset.piro@hotmail.de

بابه‌تێن په‌یوه‌ندی دار

زر الذهاب إلى الأعلى
إغلاق