سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەکام خانەی سیستەمە سیاسیەکاندایە!

د. سالار باسیرە
سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا بریتیە لە سیستەمێکی ئۆتۆکراسی کە بنەما شەرعیەکەی وەلای تەقلیدیە بۆ حیزب و سەرۆک. سیستەمێکی تەقلیدی و دەسەلاتی بنەمالە کە لەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە، ھەربۆیە نەیتوانیوەو نەشیویستوە ببێتە سیستەمێکی موئەسەساتی ڕاستەقینە. ھەرێمی کوردستان بەرگی سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرکراوە بەلام بە دەسەلاتێکی موتلەقی سەرۆک بەرامبەر بە پەڕلەمان و حکومەت و دادوەرییەکی بێدەسەلاتکراو. دەسەلاتەکانی سەرۆکی ھەرێم لەگەل سیستەمی پەڕلەمانیدا یەک ناگرێتەوە بەوەی کە دەسەلاتی ڕاپەراندن لە سیستەمی پەرلەمانیدا لە دوو دەزگای جیاواز لە یەکتر پێک دێت کە بریتین لە سەرۆکی ھەرێم (سەرۆکی دەولەت) و ئەنجومەنی وەزیران ، بەلام سەرۆکی ھەرێم لێرەدا سەرۆکی بالای ڕاپەڕاندنیشەو ھیچ بالانسێک نیە لەنێوان سەرۆکی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیراندا. پەیوەندی نێوان پەڕلەمان و حکومەت پەیوەندیەکی ناتەندروستەو سێ دەسەلاتەکە بەنێو یەکتردا تواونەتەوەو ئەمەش خەسلەتێکی تری پێچەوانەی پرەنسیپە دیموکراسیەکانە.

 

دەسەلاتەکانی سەرۆکی ھەرێم

سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی دەزگای ڕاپەراندنە ، سەرۆکی ھێزی پێشمەرگەیە، ئەنجومەنی “ئاسایشی ھەریمە”، سەرۆکی پارتیە ، نوینەری دەسەلاتی بنەمالەیەکی دەسەلاتدارە، خاوەن ئابوریەکی تایبەتی شەخسیی و خێزانە ، خاوەن دەزگای ھەوالگری حیزبی و میلیشیای خۆیەتی ، ئەم دامەزرێنەری بەڕێوەبەرە گشتیەکانە…، ھەربۆیە دەکرێ لێرەدا باس لە سیستەمێکی سەرۆکایەتی بکەین لە ولاتێکی دیکتاتۆردا. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش سیستەمی سەرۆکایەتی پیادە دەکرێ بەلام کۆنگرێس (پەڕلەمان) بەھێزەو توانای کاردانەوەی ھەیەو دەولەتی قانونە.

سەرۆک نایەوێ خاوەن مەلەفەکان و موستەشارەکان ڕوبەروی دادگا بکاتەوەو تەسلیم بکات ، سەرۆک نایەوی جینۆساید بکاتە چەکێکی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ، سەرۆک نایەوێ ئازادی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆن ھەبێت ، سەرۆک حیزبی قائیدی دەوێت ، سەرۆک لەبری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەنجومەنی ھەوالگری و حیزبی دروست ئەکات کەخۆی سەرۆکیەتی. ھەربۆیە سیستەمە سیاسیەکەی ھەرێمی کوردستان مۆدێلێکی نەگونجاوەو ناسەرکەوتوەو ھەَلگری سیستەمێکی سیاسی تەندروست نیە. بەرژەوەندی سەرۆک و بنەماَلە (دوو بنەماَلە گەورەکەی ھەرێم) لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نەتەوەیە. دەسەلاتەکانی سەرۆکی ھەرێم زۆرن تەنانەت بە سەرۆکی کوردستان نێوی دەبەن. لێرەدا دەپرسم ئایا لەم ھەرێمەدا پێویستی بوون بە سەرۆک ھەیە؟ ئەی کێ لە سەرۆک دەپرسێتەوە؟ سەرۆکایەتی ھەرێم کە بریتیە لە سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی و دیوانی سەرۆکایەتی بەلام جێگرێکی ڕاستەقینەی نیەو لە راستیشدا ناشیەویَِ جێگری ھەبێت. ھەر لە ماددەی ھەشتدا برگەی یەکەم ھاتوە “سەرۆک ، نوێنەری سەرۆکی ھەریم” دەبەخشیتە ئەو کەسانەی خۆی دیارییان دەکات.

سیستەمی بنەماڵە سیستەمە دەولەتیەکە کرمێ دەکات

لێرەدا دوو سیستەم لە تەنیشت یەکترەوەن (سیستەمی بنەمالە و سیستەمە دەولەتیەکە)، بەلام دەسەلاتدارە ئۆتۆکراسیەکەو دەزگا بیرۆکراسیەکانی لەراستیدا لەتەنیشت یەکترەوە نین بەلکو دەسەلاتە تەقلیدیە بنەمالەکە خۆی خنیوەتە نێو سیستەمە شەرعیەکەو فۆرمی گۆریوەو بێکاریگەری کردوە. بارودۆخی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم و دادوەری لەھەرێمی کوردستان بەلگەی ئەم بۆچوونەیە. لە ڕووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەک زۆربەی ئەوانەی تری ولاتانی “جیھانی سێ” لە ڕاستیدا بریتیە لە گرێدانێکی تەقلیدیی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. ھەربۆیە پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) بەلام سروشتی ئەم سیستەمەی ئێستەی ھەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیە. ھەربۆیە ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێکی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی. بەلام ئەم سیستەمی دەسەلاتە سەقامگیریەکەی بەتەنیا لە پیادەکردنی ھێز ، لە میکانیزمی کۆنترۆل و چاودێری و تۆقاندن سەرچاوە ناگرێت بەلکو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات. شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە دەرئەنجامەکانی ئەم شێوە دەسەلاتە لە کۆتایدا دەبێتە ھۆی وێرانکردنی پێکھاتەکەی خۆی کە کار بۆ چڕکردنەوەی دەسەلات لە دەستی تاقمێکی بچوکدا دەکات کە لە ھەوڵی ئەوەدایە رێگربێت لە دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی کۆمەلایەتی. ھەربۆیە کۆنترۆڵی سەرجەم بزوتنەوەو چالاکیە کۆمەلایەتی و مەدەنیەکان دەکات و بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوەو ژێردەست کردنی داواکاریە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان. جگە لەوە دەسەلاتەکە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی دەورە دراوە. ھەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا تەنیا لە ھەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و کاریگەریی خۆی گەورەو سەلامەت بکات ئیتر بەھەر میتۆدێکی ناشەرعیش بێت. ناکۆکە بەخۆی ئەگەر لە بەغدا باس لە فیدرالیەت بکریِت و لە ھەرێمیش مەرکەزیەت پیادە بکرێ و مەرکەزیەت و دیموکراسیەتیش ھەرگیز یەکتر ناگرنەوە.

‎لدور مالا مه‌

Check Also

هەستا بەرپرساتییێ یان ترس ژ سزا …

ئارمانج گوهه‌رزی ل دەڤەرا بارزان نەدار دهێتە بەرین نەژی گیانەوەر دهێنە کوشتن سەیرە … !!! …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *


هه‌ر بابه‌ته‌كێ به‌لاڤكری ده‌ربڕینێ ژ بۆچونا نڤێسه‌رێ بابه‌تی دكه‌ت و ماڵامه‌ ئینفو ژێ به‌رپرسیار نینه‌.