بریا موسلیم ئەو نانەی لەگەڵ بارزانی نەخواردبا

 

هیوا گوڵ محەمەدی

کونگەری شەشەمی پارتی یەکیەتی دیموکراتی(پە یە دە) لە ناوەڕاستی مانگی 9ی 2015 دا گیردرا. ئەو کونگرەیە لە راستیدا کونگرەی سەرکەوتن و شانازی بو.

رۆژئاوای کوردستان لە ناو قەیرانی قوڵی سووریە و بەربەست و دوژمانایەتیکردنی بەردەوامی تورکیە و پیلانگێڕیەکانی کۆماری سیدراەی ئێرانیدا، بە باشی خۆی پاراست و سەرەنجی هەموو دونیای بو لای خۆی راکێشا و تەنانەت زلهێزەکانی دنیاش حیسابیان بۆ کرد.

ئەو سەرکەوتنانە بێگومان هەم بە بەرنامە و تەدبیر و پلانی باش و بە کەڵک و هەم بە فیداکاری و نەزم و تێکۆشان و ئازایەتی هاتوەتە ئاراوە.

دیارە لە بەرخوەدانی کۆبانیدا سنورە دەسکردەکان بە تەواوی مانای خۆیان لە دەست دا و ئیتر جەسارەتی تێکدانی سنوور بو بە شتێکی ئاساێی و تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەروکایەتی مەسعود بارزانیش بەپەلە دەستیان کردە پڕ کردنەوەی خەندەقی شەرمی خۆیان لە سەر سنوری روئاوا و باشور.

لە ئەنجامی رێکخستنێکی توکمە و بە بونی لەشکرێکی ڕیکوپێکی سەربازی، روژئاوای کوردستان خێرا هەنگاوی خوبەڕیوەبەری هەڵهێنایەوە و لە سێ کانتۆن دا ، ژیانی رۆژانەی گەل کەوتە سەر رەاوڵی ئاساێی و سیستەم و دام و دەزگای ئیداری، یاساێی و پەروەردەێی کەوتنە گەڕ.

دیارە هەموو ئەو شتانەی کراون جێگەی شانازین و هەموو کات پاراستومانن و پێمان وایە، یان لانیکەم من خۆم پێم وایە کە، دەسکەوت و دەسەڵات و هەلو مەرجی ئەو بەشەی کوردستان لە هەموو بەشەکانیتر هەستیارترە و دەکرێ مروڤ چاوی خۆی لە هێندێ لایەنی نەرینی و کەم و کوری بگرێ. بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە بگەڕینەوە خاڵی سیفر و لە پێناو دەسەڵاتدا هەر هەمان تەجروبەی باشوری کوردستان دووبارە بکەینەوە.

لە کاتی بەریوەچونی کونگرەکەدا، هاوسەروکانی پەیەدە بەشداری بەرنامە مێدیایەکان دەبون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە، بەرنامە و پەیڕەوی ئەو ڕیکخستنە، ڕیگە نادات کەس بۆ دوو دەورە زیاتر ببێتەوە سەروک و هاوسەروک.

ئەو قسانە لە هەلو مەرجی پاشاگەردانی و شەڕە کورسی باشوری کوردستان دا کە سەروک بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات ئامادەیە هەموو جورە درویەک بکات و، هەمو جۆرە فێڵ و پیلانێک بگرێتەبەر، شتێکی نوێ لە سیاسەتی کوردی و تەمرینی دیموکراسی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات بو. کە بێگومان لەلایەن دڵسۆزانی گەلەوە پێشوازیی لێدەکرێت.

بەڵام زۆر بەداخەوە لە ئەنجام و کوتایی کونگرەکەدا، رێک پێچەوانەکەی راگەیەندرا و هەر دوو هاوسەروک بۆ جاری سێهەم دەسەڵاتیان وەرگرتەوە و بە حیلە شەرعیەک، ئەو بەندەی کە خۆپاڵاوتنی بۆ هاوسەرۆکی بۆ دوو جار بەرتەسک دەکرد،لە بەرنامە دا گوڕدرا. بەندێک کە وەک نوێنگەیەک لە دێموکراسی و پێشگرتن بە چەقبەستوویی چاوی لێدەکرا.

دیارە ساڵح موسلم روڵیکی گرینگی گێرا لەو ماوەیەدا و کار و خەبات و تێکۆشانەکەی جێگەی رێزە، بەڵام بە بڕوای من هەڵبژاردنەوەی ناتوانی لەوە سەرکەوتوتری بکات. بویە دەکرا وەک ڕیزگرتنێک لە بەرنامەی حیزبەکە و ئەو دروشمانەی هەیەتی و ئەو قسانەی کە کردیان و ئەو بەڵینانەی کە بۆ گوڕانکاری لە سەروکایەتیدا بە خەڵکیان دا ، دەبوو موسلم وازی بهێنایە و مەیدانی بۆ بەکردەوە گەیاندنی بەڵێنەکان ئاواڵە کردبایەوە.

بێگومان ساڵح موسلیم ئەیتوانی روڵی باشتر و کاریگەرتر بگێڕی، بەو شێوەیە کە لە روژئاوای کوردستان ناوەندێکی دیپلۆماسی بکردایەتەوە و بەرێز سالەح موسلیم ببایەتی سەروکی ئەو ناوەندە و درێژەی بە پێوەندی سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی و ئابوریەکانی خۆی بدایە.

روژئاوای کوردستان خاوەن سیستەمی بەریوبەرییە و تاکە کەس روڵی زور تایبەت ناگێرێ تێدا و هەموو پێکەوە تەواوکەری یەکترن، ئەمەش وا دەکات کە ساڵەح موسلم نەتوانی خەونی دیکتاتوری دەسەڵاتداری ببینی، بەڵام بەردەوام بون لە پۆستی سەروکایەتی و گورانکاری لە بەرنامە و پەیڕەوی حیزبێک دا بۆ مانەوی کەس و کەسانێک لە دەسەڵات دا، پاشقولدانی دیموکراسیە و زێهنیەتی دیکتاتوری بەهێزتر داکات.

بەر لە گرتنی کونگرەی شەشی پارتی یەکیەتی دیموکراتی(پەیەدە) ساڵح موسلم بو بە میوانی مەسعود بارزانی و باسی هێندێ شتیان کرد کە ئێمە هیچی لێ نازانین. لەوانەیە زوریش گرینگ نەبێ بیزانین.

ئەوەی بە گرینگیەوە چاوەڕوان ئەکرا ئەوەیە کە ساڵح موسلیم ببێتە ڕیخوشکەر بو مەسعود بارزانی کە واز لە کورسیەکەی بێنێ و لێگەڕی خەڵک ژیانێکی ئاسودەیان هەبێ، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەکەی دەر چوو و مەسعود بارزانی کاریگەریی کردە سەر ساڵح موسلیم و هانی دا بۆ مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات.

بریا ئەو نانەیان پێکەوە نەخواردایە و ئاوا روژئاوا نەبرایەتە ژیر پرسیاری دڵسۆزانی ئەو حەرەکەتەوە و دڕدونگی دروست نەبایە.

20150923

پێوەندیی:
helwist@gmail.com

helwist@yahoo.com

‎لدور مالا مه‌

Check Also

هەستا بەرپرساتییێ یان ترس ژ سزا …

ئارمانج گوهه‌رزی ل دەڤەرا بارزان نەدار دهێتە بەرین نەژی گیانەوەر دهێنە کوشتن سەیرە … !!! …


هه‌ر بابه‌ته‌كێ به‌لاڤكری ده‌ربڕینێ ژ بۆچونا نڤێسه‌رێ بابه‌تی دكه‌ت و ماڵامه‌ ئینفو ژێ به‌رپرسیار نینه‌.