
ماموستا مشیر سورچی

پیلانی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە لایەن تورکیا داڕێژرا ، پێش ڕێکەوتنەکە سەعدون حەمادی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عیراق لەگەل هاوتا ئێرانیەکەی لە تورکیا کۆبونەوە بەناوبژیوانی تورکیا بەرنامە بۆ ڕێکەوتننامەی جەزائیر داڕێژرا شۆرشی ئەیلول کۆتایی پێهات ، یەک هەفتە پێش کۆبونەوەی هەردوو وەزیر لە تورکیا ، قەزافی لە لیبیا بە خوالێخۆشبوو مام جەلالی گوتبوو کە لەم ڕۆژانە وەزیری دەرەوەی عیراق و ئێران لە تورکیا کۆ ئەبنەوە کۆتایی بە شۆرشی ئەیلول دێت ، بەڕێز مام جەلال بەبروسکە مەکتەبی سیاسی ئاگادار ئەکاتەوە لەم پیلان و مەترسیە بەلام گوێی پێنادرێت ، سەرچاوە ( مام جلال دیداری تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکی کۆمار ) .لەدوای سالی ١٩٩١ تورکیا هەمیشە چاوی لەسەر ئەو بەشە ئازادکراوەی هەرێم بوە ، هەمان پیلانی سەردەمی شۆرشی ئەیلولی هەبوە بۆ لەباربردنی هەرێمی کوردستان بەلام ئەمجارەیان وەک سالی ١٩٧٥ ناکات تەنها لە یاریەکە ئیستۆکی پێببڕێت ، بەلکوو ئەمجارە ئەبێ دەرەنجامەکان لە بەرژەوەندی تورکیابن ، تورکیا کاتێک پشی پشی بۆ دەسەلاتدارانی هەرێم ئەکرد تەنها بۆ ئەمەبوو ، هەرچی قەرزی لەسەر کەلەکەبوو بە نەوتی هەرێم قەرزەکانی دانەوەو ژێر خانی ئابوری خۆی بوژاندەوە وەهەروەها هیچ دەسەلاتێکی تۆکمەش لەبەغدا لە دەسەلاتنەبوە هەتا تورکیا خۆی لێ نزیک بکات ، لەلایەکی تریش بەم نزیکبونە ویستویەتی هەمیشە کوردەکان و سیاسەتەکانیان لەبەرچاوی خۆی بن .ئێستاش تورکیا بەشێکی زۆری ناوچەی ستراتیژی هەرێمی کوردستانی لەبەردەستدایە چیاکانی داگیر کردون واتە پشتی لێگرتوین ئیتر ئەو ڕۆژە نەما ئەگەر بلێین لێشین بقەومێ چیاکان لە پشتمانن کەواتە تورکیا بۆ ڕەوشەکە دوو ڕێگای لەبەردەمدایە :١ ــ ئەگەر بەخۆشی بۆی چوەسەر ئەوا لە ڕێگای تورکمانەکان کە لێمان بونەتە سنگەکەی مەلای مەشهور ، ئەوا لە نوسینەوەی دەستور لە ئێستاوە تورکمانەکان داوا ئەکەن زمانی تورکی ڕەسمی بێت لەهەرێم ، ئالای هەرێم تەعبیر لە تورکمانیش بکات ، سرودی ئەی ڕەقیبیش ئاوازوو دەنگی تورکمانی تێبکرێت ، ڕێژەی کورسیشیان بۆ زیاد بکرێت ، کەواتە ئەگەر ئەمە بکرێت مانای بۆ هەلبژاردنی داهاتوو یان سەرۆکی هەرێم یان حکومەت ئەبێ تورکمان بێت ، وە لەخوێندنگاکانیش دەرسی تورکی زیاد ئەکرێت ، واتە ناڕاستەوخۆ تورکیا ئەم بەشە وەک ویلایەتی موسل ، لە سالی ٢٠٢٣ ئەگەڕێنێتەوە سەر تورکیا .٢ ــ ئەگەر بەناخۆشی و شەڕبێت ، ئەوا تورکیا ئەم شوێنانەی داگیریکردون ئامادەنیە ڕادەستی کوردی بکاتەوە بەلکوو ڕادەستی حەشدی تورکمانی و حەشدی شەعبی ئەکاتەوە بەرامبەر بە پێدانی نەوتی موسل و کەرکوک بۆ ماوەی پەنجا سالیتر بە لە % ١٠ وەک چۆن کاتی خۆشی بەو مەرجە ویلایەتی موسلی ڕادەستکرد .بۆ ئێمەی کورد بەهەردوو ڕوەکە زەرەرمانە ، تازە کار لەکار ترازاوە تەنها تاکە ڕێگا ئەوەیە جەماوەری ئەو دەڤەرە لە سوپای تورکیا ڕاپەڕن ولات بەدەریان بکەن ، کورد سازش بۆ بەغدا بکات باشترە هاوکاری لە حکومەتی عیراق داوابکات سوپای تورکیا دەربکرێت ، ئەگەر ئەمە نەکەن وەک سالی ١٩٧٥ چاوەروان و چارەنوسمانە .